وەزیری پلاندانی عێراق: سەرژمێریی ئاستی خزمەتگوزارییەکان باشتر دەکات

وەزیری پلاندانانی عێراق لە کاتی چاودێریی پرۆسەی سەرژمێریی
وەزیری پلاندانانی عێراق لە کاتی چاودێریی پرۆسەی سەرژمێریی

وەزیری پلاندانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە "سەرژمێریی دانیشتووان کاریگەریی دەبێت لە باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان" و داواش لە هاووڵاتییان دەکات زانیاریی دروست بە بژمێرەکان بدەن. 

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سەرژمێریی دانیشتووان گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە کاریگەریی دەبێت لە دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو بوارەکاندا."

وەزیری پلاندانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان تاوەکوو درەنگانی شەوی سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024، بەردەوام دەبێت و داوای لە هاووڵاتییان کرد لەگەڵ بژمێرەکان هاوکاربن و زانیاریی دروستیان پێ بدەن.