پشووی فەرمانبەری هەموو دامودەزگاکان و هێزە ئەمنییەکان درێژ دەکرێتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ تاوەکوو 10ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە.
چوارشەممە، 20-11-2024، هێمن میرانی، ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـێ ڕاگەیاند، ژوورەکە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێریی؛ "پشووی فەرمانبەرانی هەموو دامودەزگاکان و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە تاوەکوو 10ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (ناوچەکانی ماددەی 140) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکرێتەوە".
میرانی گوتیشی: "لە دوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە چوارشەممە و پێنجشەممە پشتڕاست کرایە، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات کە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانیان لا بێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکەنەوە".
بۆیە وەکوو ئەوەی ئەندامەکەی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێریی باسی کرد "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵتەوە، تا ئەو کاتەی تەواوی پرۆسەی سەرژمێریی تەواو دەبێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، قۆناغێکی دیکەی سەرژمێریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تیمەکان بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکرا و لەو زانیاری و داتایانە دڵنیا دەبنەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمار کراون.