رووماڵ

سوودانی: سەرژمێری دەبێتە بنەمایەک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی و خزمەتگوزاری

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری پیرۆزبایی لە دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات ڕۆڵی وەزارەتەکانی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند و سوپاسیشی کردن.

چوارشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی کرد و لە نزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانی کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی ڕۆژی سەرژمێری لە دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها سوپاسی وەزارەتەکانی پلاندانانی عێراق و هەرێمەکەی کرد و ڕۆڵیانی لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.

ناوبراو دووپاتی کردەوە "ئەم ڕۆژە عێراقێکی نوێ بنیات دەنێت، لەسەر بنەمای شیکاری و داتای ورد، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرنامەی گەشەپێدانی ئابووریی و خزمەتگوزاری وڵات."

هاوکات،جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی سەرژمێری پرۆژەیەکی نیشتمانییە بۆ مەبەستی گەشەپێدانە نەوەک مەزهەبی. سوودانی پێزانینی خۆشی بۆ بەشداری کارای هاووڵاتییان لە پرۆسەکە دەربڕی.