پۆلیسی هەولێر دوو کەسی بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیر کرد

پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوو کەسی بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل لە شوێنە جیاجیاکانی شاری هەولێر دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (م. م. س) و (م. ل. س) دەستگیر کران، کە لە شوێنە جیاجیاکانی شاری هەولێر زیاتر لە 25 ماتۆڕسکیلیان دزیبوو و دواتر شێوەی ماتۆڕسکیلەکانیان گۆڕیبوو و فرۆشتبوویانەوە بە کەسانی دیکە.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، گوتی: تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، ڕادەستی دادگە کران.
پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەدات، هەر کەسێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی دزیاری و بە تایبەت ماتۆڕسکیل بکات، چاوپۆشیی لێ ناکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەدرێتە دادگە.