"مایك تایسۆن سه‌ركێشی به ژیانی خۆی ده‌كات"
"مایك تایسۆن ئه‌گه‌ر ئه‌م یارییه بكات مه‌ترسی مه‌رگی لێ ده‌كرێت"
مایك تایسۆن و ئیڤاندێر هالیفیلد ئه‌گه‌ری زۆره به‌م زووانه بچنه‌وه سه‌ر سه‌كۆی بۆكسێن و ركابه‌ری یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ته‌مه‌نیان سه‌رووی 50 ساڵه‌وه و سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره به ژیانیان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه مه‌ترسی مه‌رگیان لێ ده‌كرێت.
مایك تایسۆنی 53 ساڵان ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به مه‌شق و راهێنانه‌كانی كردووه‌ته‌وه و به‌فه‌رمی رایگه‌یاندووه ئاماده‌یه بۆ جارێكی دیكه په‌نجه‌وانه له‌ده‌ست ده‌كاته‌وه و بۆ هاوكاریكردنی رێكخراوێكی خێرخوازانه له ركابه‌رییه‌كی نمایشی به‌شداری بكات. ركابه‌ره گه‌وره و ناوداره‌كه‌ی ئه‌و ئیڤاندێر هالیفیلد كه چوار ساڵ له تاسۆن به‌ته‌مه‌نتره و رایگه‌یاندووه ئه‌ویش ئاماده‌یه بۆ هاوكاری و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گه‌نجانه‌ی تووشی كۆرۆنا بوونه، له‌گه‌ڵ تایسۆن چه‌ند بۆكسێك له‌سه‌ر و گوێلاكی یه‌كتر بده‌ن.
پروپاگه‌نده‌ی تایبه‌ت به ئه‌گه‌ری سێیه‌م ركابه‌ری ئه‌م دوو پاڵه‌وانه بۆكسێنه كاتێك به‌هێز بوو كه هالیفیلد رایگه‌یاند تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌م دوو پاڵه‌وانه‌دا نه‌كراوه، به‌ڵام پێده‌چێت ركابه‌رییه‌كه‌ی سه‌ر بگرێت.
چه‌ند هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر پۆسته‌رێك له سوشێاڵ میدیا بڵاوكرایه‌وه كه وێنه‌ی تایسۆن و هالیفیلد له ته‌نیشت یه‌كتره‌وه وه‌ستابوون، پێده‌چێت ئه‌م دوو بۆكسهره له رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو له وڵاتی سعوودیه به‌ره‌نگاری یه‌كتر ببنه‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟
تایسۆن ساڵی 2005 دوای دۆڕانی به (مه‌ك براید) ماڵئاوایی له ركابه‌رییه‌كانی بۆكسێن كرد، ئه‌و لاوترین پاڵه‌وانی كێشی قورسی بۆكسێنه كه له ته‌مه‌نی 20 ساڵی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام هالیفیلد تا ساڵی 2001 و ته‌مه‌نی 49 ساڵی بێ كێشه بۆكسێنی خۆی كردووه و دواتریش ماڵئاوایی له جیهانی پاڵه‌وانێتی ئه‌م وه‌رزشه كردووه.
ركابه‌ری ئه‌م دوو بۆكسهره زۆر گه‌رموگوڕ ده‌بێت، ركاربهری ئه‌م دوو پاڵه‌وانه له ساڵی 1997 و له لاس ڤێگاس له‌بیر ناچێته‌وه، كاتێك مایك تایسۆن قه‌پێكی له گوێی ئیڤاندێر هالیفیلد گرت، ئه‌وه ده‌بێته سێیه‌م ركابه‌ری نێوانیان، به‌ڵام شاره‌زایانی بۆكسێن و هه‌روه‌ها پزیشكان به جۆرێكی دیكه بیرده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌م ركابهرییهدا نین.
خاڤێر كاستێلێجۆ پاڵه‌وانی پێشووی بۆكسێنی جیهان له ئیسپانیا كه خۆی له ته‌مه‌نی 41 ساڵان ماڵئاوایی له بۆكسێن كرد، له‌باره‌ی ركابه‌ری نێوان تایسۆن و هالیفیلد ده‌ڵێت: بۆكسێن تاكه وهرزشێكه كه دوای ماڵئاوایكردن لێی، ئیتر ناتوانی به‌شێوه‌ی پیشه‌گه‌رانه له ركابه‌رییه‌كانی به‌رده‌وام بیت. ركابه‌رییه‌كه‌ی ئه‌م دوو پاڵه‌وانه ئه‌گه‌ر شانۆگه‌رییه هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به ئه‌نقه‌ست له سه‌ر و چاوی یه‌كتر بده‌ن، نا نا من له‌گه‌ڵیدا نیم.
كاستێلێجۆ گوتیشی: ئه‌م دوو پاڵه‌وانه ماوه‌یه‌كی زۆر ماڵئاواییان له بۆكسێن كردووه. له بۆكسێندا ته‌مه‌ن زۆر گرنگه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشووتر پاڵه‌وانێكی ناوداریش بیت و ئێستاش له مه‌شقه‌كان به‌رده‌وام بیت، بۆكسێن وه‌كو تێنس یان تۆپی پێ نییه. له بۆكسێندا به هه‌موو هێز و به مشت له سه‌ری ركابه‌ره‌كه‌ت ده‌ده‌یت، یارییه‌كه هه‌ناسه‌بڕ و زۆر قورس، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی مه‌رگ، هه‌ر بۆیه داوایان لێ ده‌كه‌م به هیچ شێوه‌یه‌ك به گاڵته نه‌ڕواننه ئه‌م ركابه‌رییه، له بۆكسدا ره‌نگه لێتان ببێته شه‌ڕ، شه‌ڕێكی ناو سه‌كۆ كه من چه‌ند جارێك تووشی بوومه.
هه‌روه‌ها دكتۆر ئه‌لیخاندرۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی پزیشكی فیدراسیۆنی جیهانی بۆكسێنیش له‌گه‌ڵ ركابه‌رییه‌كه‌ی تایسۆن و هالیفیدا نییه.
ئه‌و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئا‌یان مارادۆنا ده‌توانێت له یارییه‌كی شانۆگه‌ریانه‌دا یاری بكات، به‌ڵێ ده‌توانێت، به‌ڵام ئه‌و ناتوانێت بۆ جیهانی پیشه‌گه‌رانه‌ی تۆپی پێ بگه‌ڕیته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بۆ چه‌ند خوله‌كێك یاری بكات، ده‌بێت ئاماده‌یی جه‌سته‌یی هه‌بێت و جه‌سته‌ش وا به ئاسانی ئاماده نابێت.
ئا: محه‌مه‌د شه‌هدی
