باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، چێژم لە کۆڕبەندی مێپس وەرگرت و هەندێک بیرۆکەی بەهێز و باشم گوێ لێ بوو. گوتیشی: گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین.
هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە میانی بەشداریی لە پانێلێکدا لە پەراوێزی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند: لە مێپس پرسە هەستیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکرێت، هەروەها من لە کۆڕبەندەکە چێژم وەرگرت و هەندێک بیرۆکەی بەهێز و باشم گوێ لێ بوو.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، دەڵێت: بیرۆکەی ئەوەشم گوی لێ بوو کە چۆن بتوانین هەرێمێکی باشترمان هەبێت، هەروەها پێویستە هەمیشە چاومان لە دەرفەتە ستراتیجییەکان بێت.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، گرنگی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەن. هاوکات گوتیشی: بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەپارێزین.
ستیڤن هیچن، لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، دەڵێت: ئەو گرووپە چەکدارانە هەڕەشەن بۆ سەر دەستوور و یاسا، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی دەوڵەت، ئێستا ئەوان چەکی زیاتریان هەیە و دەکرێت ببنە کێشەیەکی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک، بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەی شەممە، بەردەوام دەبێت.