"ئەو كەسەی ئەمڕۆ لە ھەولێر بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا نەخۆشی دیكەی نەبوو"
زانیاری لەبارەی ئەو كەسە دەخرێتەڕوو
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاشكرای دەكات، ئەو كەسەی ئەمڕۆ بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا، ھیچ نەخۆشییەكی دیكەی نەبووە، بەڵكو جگەرەكێش بووە و كاریگەری لە سییەكان كردووە.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو كەسەی ئەمڕۆ بەھۆی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا لە 27/5/2020 وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندرا، ھیچ نەخۆشییەكی دیكەی نەبوو، بەڵام جگەرەكێش بوو كاریگەری لە سییەكان كردبوو، چوار رۆژ پێش ئێستا خرایە ژێر چاودێری و ئامێری ھەناسەی دەستكرد، بەڵام بەداخەوە وەڵامی نەبوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا".
گوتیشی: "ئێستا 97 تووشبووی كۆرۆنا لە سنووری ھەولێر ھەن و نەخۆشێك لەژێر ئامێری ھەناسەی دەستكرد ماوە، كە ئافرەتێكی بە تەمەنە و نەخۆشی درێژخایەنی ھەیە، بەداخەوە باری تەندروستی ناجێگیرە".
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر، راشیگەیاند: "ماوەیەك پێش ئێستا كە ژمارەی نەخۆشەكان كەمبووەوە، تەنھا نەخۆشخانەی ئیماراتیمان بەكاردەھێنا، بەڵام ئێستا ناچاربووین جارێكی دیكە نەخۆشخانەی رزگاری بەكاربھێنینەوە، بەراورد بە ماوەی رابردوو ئێستا دۆخەكە زۆر خراپترە، بۆیە ئامادەكاری دەكەین لە حاڵەتی پێویست شوێنەكانی دیكەش بۆ چارەسەری نەخۆش بەكاربھێنین".
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ تووشبووێكی دیكە لە ھەولێر گیانی لەدەستدا، كە پیاوێكی تهمهن 50 ساڵی دانیشتووی کامەرانی سیتی لە شاری ھەولێر بوو، دوای خەواندن لە نەخۆشخانە و مانەوەی له ژێر ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد، لە بەشی چاودێری چڕ گیانی لەدەستدا.
تائێستا 19 كهس لە ھەرێمی كوردستان، بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ژمارهی تووشبووانیش ههزار و 89 كهسه و 448 كهسیش چارەسەركراون.