دوو تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا
باری تەندروستی تووشبووێكی دیكە ناجێگیرە
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ دوو كەسی دیكەی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا.
عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا و یەكێكی دیكەش باری تەندروستی ناجێگیرە".
دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لەبەردەم یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی گوتی: "كەسوكاری یەكێك لەو كەسانەی گیانی لەدەستداوە لەبەردەم نەخۆشخانەكە كۆبوونەتەوە و دەیانەوێت تەرمەكە وەرگرنەوە، بۆ ئەوەی بە خاكی بسپێرن".
گوتیشی: "ژمارەیەك لە تووشبووانی كۆرۆنا باری تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری ھەناسەی دەستكرد ھەیە، بەڵام تەنھا 65 ئامێری ھەناسەی دەستكرد لە سلێمانی ھەیە".