بکوژانی حاخامەکەی ئیمارات لە ئیستانبوڵ دەستگیر کران و ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرانەوە

وێنەی حاخامە کوژراوەکە
وێنەی حاخامە کوژراوەکە

بکوژانی حاخام تزوی کۆگان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان میت و ئاسایش لە ئیستانبوڵ دەستگیر کران و ڕەوانەی ئیمارات کرایەوە.

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و ئاسایش، بکوژانی ئەو حاخامە ئیسرائیلی/مۆلداڤییە لە تورکیا دەستگیر کران کە پێش ماوەیەک لە ئیمارات کوژرا بوو.

ئاژانسی هەواڵی تورکیا لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، بکوژانی خاخامێکی ئیسرائیلی/مۆلداڤی بە ناوی تزوی کۆگان، کە لە ساڵی 2020ـەوە مارکێتی کۆشەری لە ئیمارات دامەزراندووە، سێ کەسی ئۆزبەکین و دوای کردنی کردەوەکە لە ئیمارات ڕایانکردووە و بەرەو تورکیا ڕۆیشتوون و بە مەبەستی دەستگیرکردنیان داوای یارمەتی لە تورکیا کراوە.

لەسەر ئەو بنەمایە میت کەوتووەتە هەوڵدان و چاودێری ئەو فڕۆکەیەی کردووە کە تۆمەتبارانی تێدا بووە و بەرەو ئیستانبوڵ هاتووە و هەروەها دوای دابەزین و سواری بوونی تەکسی.

لە میانی پشکنینێکدا، هەر سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی ئایلمبای تاهیرۆڤیچ (28 ساڵان) مەحموودجان عەبدولڕەحیم (28 ساڵان) و عەزیز بەگکامیلۆڤیچ (33 ساڵان) دەستگیر کران. هەرسێ تۆمەتبار دواتر ڕەوانەی ئیمارات کرانەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی بەرپرسانی کۆماری تورکیای کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە.