كێشەكانی نێوان ئیكاردی و خێزانەكەی تەقییەوە

ئیكاردی كەپڵەكەی خۆی دەكاتە پارێزەری خۆی لە دژی خێزانەكەی

واندا نارا لەگەڵ ماورۆ ئیكاردی و منداڵەكانی
واندا نارا لەگەڵ ماورۆ ئیكاردی و منداڵەكانی

بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری یانەی گەڵاتەسەرای توركیا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ پارێزەرێك دا دروست كردووە، هەمان پارێزەریشی بەكرێ گرتووە بۆ سەرپەرشتیكردنی تەواوی پرۆسەی جیاوبوونەوەكەی لە واندا نارای هاوسەری پێشووی.

واندا نارای 37 ساڵ، لە مانگی ئایاری 2014 لەگەڵ ئەستێرەی ئارجێنتینا ئیکاردی تەمەن 31 ساڵ هاوسەرگیری کرد، بەڵام بەردەوام ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكاندا هەبوو، بەردەوامیش كێشە و گرفتەكانی نێوان ئەم ژن و پیاوە دەبووە مانشێتی زۆربەی رۆژنامە و میدیایەكان.

مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، واندا نارا، خانمە مۆدێل و پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی کە هاوکات بەڕێوەبەری كارەكانی ماورۆ ئیکاردی هاوسەریشی بوو، ئاشکرایکرد كە بۆ هەمیشە لە ئیكاردی جیابووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی کۆرێرێ دێلا سێرای ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، ئیکاردی دەستیکردووە بە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ پارێزەرێك بە ناوی ئەنجێلا بورگس كە ئەو خانمە وەكو پبەرنامەیەکی یاسایی لە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی كۆلۆمبیا پێشكەش دەكات بە ناوی "بێـتاوان و تاوانبار".
جگە لەوەش ئەو پێشكەشكارە لە كۆلۆمبیا كۆمپانیایەكی ئیكاردی بەڕێوە دەبات. هاوكات بورگس لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دا دەڵێت: ئیکاردی پیاوێکی سەرنجڕاکێشە، زۆر خوێندەوارە و قۆزیشە، بەڵام نامەوێت تێهەڵكێشم بكەن بە هیچ پەیوەندییەك، سرووشتی من ئاوهایە هەمیشە لەگەڵ پیاوان کاردەکەم، ژنێکی تاقانەم، لە ئێستادا کەس لە مێشکمدا نییە.

 


لە لایەكی دیكەیش، واندا نارا لە دوای بڕیاری جیابوونەوەی رایگەیاند ئیکاردی پێش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دروست بکات،  پەیوەندی لەگەڵ 200 ئافرەتی دیكەدا هەبوو، چوار مۆبایلی هەبووە و لەگەڵ ئافرەتانی چوار کیشوەری جیاواز لە پەیوەندیدا بووە.
واندا نارا لە ماكسی لۆپێزی هاوڕێی پێشووی ئیكاردی 3 منداڵی هەیە، هاوكات لە ئیكاردیش 2 منداڵی هەیە، ئێستاش بۆ جیابوونەوەی كۆتایی داوای 40 ملیۆن دۆلار لە ئیكاردی دەكات.
 لە ئێستادا ماورۆ ئیکاردی بەدەست پچڕانی بەستەرێکی ئەژنۆی دەناڵێنێت، بەوپێیەی لە کاتی یارییەکەی تۆتێنهام لە یۆرۆپالیگ لە سەرەتای ئەم مانگە تووشی بوو.
ئیکاردی لە 14 یاریی ئەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 6 گۆڵی تۆمار کردووە و 2 گۆڵیشی دروستکردووە، سەردەمی زێڕینی ئەو یاریزانەش لەگەڵ ئینتەر میلان بوو لە نێوان 2013 تا 2020 لە سەرجەم پاڵەوانێـییەكان 111 گۆڵی لە 188 یاریدا كردووە.