راگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆوە
چەند بڕیارێك لەبارەی ھاتووچۆ و رێكارەكان دەدرێت
K24 - ھەولێر
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی ھاتووچۆی ھاووڵاتییان و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد.
لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە كە قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان درێژ دەكرێتەوە و ھەروەھا ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی كە رێگەپێدراون لە كاتژمێر 12ی ئەمشەو تا كاتژمێر 12ی شەوی 15/6/2020 دادەخرێن.
لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەكراوە، رێگەپێدانی نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەپێی سیستمی ئەلیكترۆنی دەبێت لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەرلەمانتارانی عێراق كە نیشتەجێی ھەرێمی كوردستانن، رێگەپێدراون بە ھاتووچۆكردنی نێوان ھەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بە رەچاوكردنی رێنماییەكان.
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، ھاتووچۆكردنی ئاژانس و رێكخراوەكانی UN و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رێگەپێدراون لەسەرتاسەری ھەرێمی كوردستان. ھاوكات رێگەپێدانی كۆمپانیاكانی نەوت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەری گشتیی دیوان دەدرێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، ئەو ھاووڵاتییانەی دانیشتووی ھەرێمی كوردستانن و لە پارێزگاكانی عێراق گیریان خواردووە بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆ، رێگایان پێدەدەرێت بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان بە مەرجێك پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ بكرێت و تا دەرچوونی پشكنین كەرەنتین دەكرێن.
لە خاڵێكی دیكەدا ھاتووە، دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان بە مەبەستی رێگەپێدان بە كردنەوەی ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی كە پێویستن بۆ ھاووڵاتییان و داخستنی ئەو شوێنانەی كە سەرپێچی دەكەن.
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ:.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)