لە یەمەن زیاتر لە 200 هەزار کەس تووشی پەتای کۆلێرا بوونە

وینەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە یەمەن
وینەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە یەمەن

لە یەمەن نزیکەی 220 هەزار کەس بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوە و هەواوە، تووشی پەتای کۆلێرا بوونە، بەرپرسانی تەندروستیی یەمەن، هۆشداریی لە هەرەسهێنانی تەواوەتی کەرتی تەندروستی دەدەن، چونکە ژمارەی نەخۆشەکان لەوە زیاترە بتوانن چارەیان بکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی یونسێف، لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 700 کەس لە یەمەن بەهۆی کۆلێرا گیانیان سپاردووە.

ئەمە دیمەنی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری تەعزی باشووری یەمەنە؛ هەوا و ئاوی گەڕەکەکە پیس بوون، ئەم ئاو و هەوا پیسە هۆی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکانی وەک کۆلێران، دانیشتووانی ئەم گەڕەکەش زۆر نیگەرانن و داوای بە هاناوەچوون دەکەن.

هاووڵاتیەکی یەمەن بەناوی 'محەممەد سالم' بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "خەڵکی ئەم ناوچەیە بەدەست خراپی ئاو و پیسیەکەیەوە گیرۆدەن، هەروەها پەتای کۆلێرا و نەخۆشی دیکە بڵاوبوونەتەوە. ئەم دۆخە کارەساتی گەورەی بەدواوەیە".

بەمدواییانە نەخۆشی کۆلێرا لەزۆرینەی ناوچەکانی یەمەن بڵاوبووەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی نزیکەی 220 هەزار کەس لە یەمەن توشی کۆلێرا بوون، لەم ژمارەیەک نزیکەی 720 یان بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان سپاردووە ،ئەمە بەگوێرەی ئامارەکانی یونسێف.

ئەم ئافرەتە و دوو منداڵەکەی لەیەک کاتدا توشی کۆلێرا بوون، ئەمان لەچوارچێوەی ئەو 7500 توشبووەن کە تەنها لەشاری تەعز تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.

یونس سادق، هاووڵاتی، ڕایگەیاند "سێ کەسمان تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوونە، دایکی منداڵەکان لەگەڵ دوو منداڵ، ئێستا لە نەخۆشخانەن، دایکیان نزیکەی سێ ڕۆژ دەبێت تووش بووە، منداڵێکیشمان یەک ڕۆژە توش بووە."

کەرتی تەندروستی یەمەن بێتوانایە لە فریاکەوتنی ئەو ژمارە زۆرەی توشبووانی کۆلێرا،  ئەمەش بەهۆی کەمیی تیمی تەندروستی و کەمیی کەرەستەوەیە، لاوازیی کەرتی تەندروستی وایکردووە کەمترین کەس لە چاودێری تەندروستی سوودمەند بن.

جەمیل محەممەدی پزیشک دەڵێت: "چارەسەری تەواومان لەبەردەستدا نییە، بەڵام زۆرترین هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ چارەکردنی نەخۆشەکان، کارمەندەکانمان دابەشی چەند شەفتێک کردووە بۆ ئەوەی بتوانین پێشوازیی لە زۆرترین نەخۆش بکەین، بەم دوایانەش بەشی کۆلێرامان کردووەتەوە."

لە وڵاتێک کە دانیشتووانەکەی لە خراپترین قەیراندا دەژین، پەتا و نەخۆشییەکانیش زیاتر بڵاو دەبنەوە، کەرتی تەندروستی لەقەیرانی سەختدایە بۆ  بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیە، بەرپرسانیش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن فریایان بکەون.

ئەیمەن قادر/ پەیامنێری کوردستان24 لە یەمەن