د. سەباح سوبحی: هەفتەی داهاتوو بەغدا 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی معارج، وەکیل وەزیری نەوت و گازی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان.
پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "شاندەکەی هەرێم کە پێکهاتبوو لە فارس عیسا، نوێنەری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دوو بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و خۆم، بۆ سێ بابەتی سەرەکی قسەمان لەگەڵ وەزارەتیی نەوت و گازی عێراق کرد. خاڵی یەکەم ئێمە ساڵانە 50 ملیۆن لیتر نەوتمان هەیە کە دابەش دەکرێت بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە خۆی بە پێی پیویستییەکە 208 ملیۆن لیترە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بەغدا 50 ملیۆن لیتری بۆ کوردستان دیاری کردووە."
ئەو ئەندامە دەڵیت: "ئەمڕۆ عەلی مەعارج، وەکیل وەزیر بڕیاری دەرکرد بۆ دابەشکردنی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە بە هەمان نرخی پێشوو کە 250 دینارە هەفتەی داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
دەشڵێت: "خاڵی دووەمیش کێشەی بەنزین بوو کە لە هەرێمی کوردستان بووە بە کێشە، ئەو بڕە بەنزینە حکوومەتییەی کە هەیە بەش ناکات، بۆیە داوامان کرد ئەو بەنزینەی دەهات بۆ هەرێمی کوردستان و لە 2023وە بڕیویانە، دیسان بیگەڕێننەوە. عەلی مەعارج گوتی ئێمەش هەمان کێشەی بەنزینمان هەیە بەهەمان شێوە، بەڵام بڕیاریدا پێداچوونەوەیەکی تەواو بە بابەتەکان بکات لە تەواوی پارێزگاکانی ناوەراست و باکوور، ئەگەر هاتوو بڕێک هەبوو پشتی پێ ببەستین ئەوەش بەهەمان شێوە چارە دەکەن، بەڵام تۆزێک کاتی دەوێت."
سەباح سوبحی ڕاشیگەیاند "خاڵی سێیەمیش بابەتی دراسەکردنی لیتری پێوەری و قەبارەی سروشتییە، هەموو ئەو نەوتەی دێتە هەرێمی کوردستان، بەپێی پێوەری ئاسایی دێت، لیترێک کەمترە لە پێوەرەکەی، چونکە نەوت لەکات چوون بۆ عەمبار ئەگەری ئەوەی هەیە کە بڕەکەی کەم ببێتەوە. ئەو بڕەی کە کەم دەبێتەوە، کاریگەری لە 1500 خێزان دەکات، بەپیی سەرژمێری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەوەش کاریگەری دروست کردووە لەسەر ئەو بڕە نەوتەی کە دیاری کراوە بۆ هەرێمی کوردستان. عەلی مەعارج، پێی ڕاگەیاندنین هەوڵ دەدەن ئەو گرفتە لە کۆبوونەوەکاندا قسەی لەسەر بکەن و چارەی کەن، چونکە ئەوە بەشە نەوتی هاووڵاتییانە، ناچێت بۆ وێستگەکان، لەگەڵ ئەوەش دا پیی گوتین کە ئەوان تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزین و هەرێمی کوردستان لە وەرزی زستان ساردترە و پێویستی بە نەوتی زیاتر هەیە، هاووڵاتییان پیویستییان بەو بڕە نەوتە هەیە بە بەراورد بە پاریزگاکانی دیکەی ناوەراست و باشوور."