"كیوی" كۆرۆنای كۆنتڕۆڵ كرد
یه‌كه‌م وڵات هیچ تووشبووێكی كۆرۆنای لێ نه‌ماوه
K24 - هه‌ولێر:
نیوزیلاند، وه‌ك یه‌كه‌م وڵاتی جیهان رایگه‌یاند، هیچ تووشبووێكی ڤایرۆسی "كۆرۆنای نوێ" له‌و وڵاته نه‌ماوه و دوایین تووشبوو چاره‌سه‌ر كرا.
میدیاكانی ئه‌و وڵاته له سه‌رچاوه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه بڵاویانكردووه‌ته‌وه، نزیكه‌ی 17 رۆژه هیچ تووشبووێكی نوێی كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه.
جاسیندا ئاردێرن، سه‌رۆك وه‌زیرانی نیوزیلاند رایگه‌یاند، هاووڵاتیان ده‌توانن به‌شێك له‌و رێكارانه‌ی بۆ خۆپارێزی گرتوویانه‌ته به‌ر كه‌مبكه‌نه‌وه، وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌ره‌نتین كردن له ماڵه‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كانی ئه‌و وڵاته، هاووڵاتیانی نیوزیلاندی زۆرترین پابه‌ندییان به رێنماییه‌كانی خۆپارێزی هه‌بووه و توانیویانه به شێوه‌یه‌كی زۆرباش رێكاره‌كانی خۆپارێزی ره‌چاو بكه‌ن.
ئاشلی بلۆمفیڵد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نیشتمانی نیوزیلاند رایگه‌یاند، هه‌واڵێكی خۆشه كه دوایین تووشبووی كۆرۆنا، ماوه‌ی 48 كاتژمێر زیاتره هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌خۆشییه‌كه‌ی نه‌ماوه.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه تا ئێستاش رێكاره خۆپارێزییه‌كان له ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه باشتره و هاووڵاتیانیش ده‌توانین رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتین كه‌متر بكه‌نه‌وه.
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به جیهاندا، ڤایرۆسه‌كه گه‌یشته نیوزیلاندیش و 1504 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون، 22 كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانیان له ده‌ستداوه.
"كیوی" باڵنده‌یه‌كی تایبه‌ته كه ته‌نیا له نیوزیلاند هه‌یه و به سیمبۆلی ئه‌و وڵاته داده‌نرێت، شێوه‌كه‌شی له میوه‌ی كیوی ده‌چێت.
