لە ساڵێکدا دەیان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە قەزای قوشتەپە جێبەجێ کراون
کابینەی نۆیەم بە جێبەجێکردنی دەیان پرۆژە بە گوژمەی 250 ملیار دینار، گۆڕانی ڕیشەیی لە قەزای قوشتەپە کردووە.
بژار مەلا خدر، قائیمقامی قەزای قوشتەپە، بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی گوت: "لە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپەی دا، لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێك بڕیاری گرنگی لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان پێشکەش بە قەزاکە کرد، بە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت ئێستا قەزای قوشتەپە چووەتە قۆناغێکی دیکە."
دیارترین ئەو پرۆژانەی لە قەزای قوشتەپە لە ماوەی ساڵێکدا جێبەجێ کراون بریتین لە: دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی، نۆژەنکردنەوەی بنکە تەندروستییەکان، قیرتاوکردنی 12 کیلۆمەتر شەقام، دروستکردنی چەندین ڕێگەی نوێ بۆ گوندەکان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 15 قوتابخانە و باخچەی ساوایان، ڕووناککردنەوەی شەقامەکان، جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی کارەبا و چەند پرۆژەیەکی تر بۆ گەنجانی سنوورەکە.
دانیشتووانی قەزای قوشتەپە لە بەرانبەر ئەو پرۆژانەی لە سنوورەکەیان کراوە خۆشحاڵن و دەڵێن: "دەستخۆشیی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان کە کارئاسانیی زۆری بۆ دانیشتووانی قەزاکە کردووە و وای کردوە بتوانین بە ئاسانی هاتوچۆ بکەین."
پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەزای قوشتەپە، بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بەردەوام دەبن.