بەغدا: لە ئەنجامی گڕگرتنی سۆپای کارەبایی، خێزانێکی چوار کەسی مردن
بەهۆی گڕگرتنی سۆپایەکی کارەباییەوە خێزانێکی چوار کەسی مردون، بە پێی زانیارییەکانیش، باوکەکە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە.
شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، کاتژمێر 2 بۆ 3ـی شەو، بەهۆی گڕگرتنی سۆپایەکی کارەبایی، خێزانێکی چوار کەسی مردون و دواتر تیمەکانی بەرگریی شارستانیی گەیشتوونەتە ماڵەکە.
دراوسێیەکی ئەو خێزانە دەڵێت: "بەرگریی شارستانی پێی ڕاگەیاندووین، هۆکاری ئاگرەکە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ڤۆڵتییەی کارەبا بووە. پێدەچێت خێزانەکە بیریان چووبێت هیتەرەکەیان بیکوژێننەوە".
بە پێی زانیارییەکان، باوکەکە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە و دوو منداڵەکەش یەکێکیان تەمەنی پێنج ساڵان بووە و ئەوی دیکەشیان هەشت ساڵ.