5 یانە ئەم هەفتەیەش هاندەرانیان نائومێد كرد
یانەی شێروانە شوێنی خۆی لە لوتكەی خولی نایابی كوردستان قایمتر كرد
ئەمرۆ كۆتایی بە یارییەكانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی كوردستان هات و شێروانە لوتكەی خولەكەی گرت، هەولێریش لە ئەنجامە خراپەكانی بەردەوامە.
سەیدسادق ـ شێروانە
ئەم یارییە لە نێوان نوێنەری شارەزوور و نوێنەری گەرمیان بوو، یارییەكە لەنێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی سەیدسادق بوو، كۆڕەنگ محەمەد بەرگریكاری شێروانە ئەم هەفتەیەش گۆڵی بۆ یانە كەلارییەكە كرد و لە خولەكی 34 یانەكەی بەگۆڵێك لە دژی سەیدسادق پێشخست، یارییەكەش تا كۆتایی بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی شێروانە كۆتایی هات.
شێروانە لە كۆی 5 یاری، 4 بردنەوە، 1 بەرامبەربوونی هەیە، 10 گۆڵی كردووە و بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرتووە، لە بەرامبەردا سەیدسادق لە كۆی 5 یاری، هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، 2 یەكسان و 3 دۆڕانی هەیە و لە خانەی پێشكۆتایی ریزبەندییەكە دێت.
پێشمەرگەی هەولێر ـ برایەتی
برایەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی هەولێر بەرەو بەرزاییەكانی پیرمام سەركەوت و بە 3 خاڵیشەوە گەڕایەوە.
لە خولەكی 4، عەبدولرەحمان محەمەد بە لێدانی سەر گۆڵی یەكەمی برایەتی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر تۆمار كرد، دواتر محەمەد خەلیل لە خولەكی 34 گۆڵی دووەمیشی بۆ سەوزپۆشەكانی پایتەخت زیاد كرد.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، هەمان یاریزان محەمەد خەلیل گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی برایەتی تۆمار كرد، پاشان لە خولەكی 55 توانا ئەمیر بە لێدانێكی راستەوخۆی نایاب گۆڵی یەكەمی پێشمەرگەی لە یارییەكە تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 87 فرانسیس دادزی هێرشبەری پیشەگەری پێشمەرگە گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام خۆشییەكانی پێشمەرگە زۆری نەبرد، كاتێك شەمزین یاسین گۆڵی چوارەمی برایەتی كرد و بە تەواوەتی پێشمەرگەی بێهیوا كرد.
برایەتی سێیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرت، لە بەرامبەردا پێشمەرگەی هەولێر دووەمین یاریی لەم وەرزە دۆڕاند و بە 7 خاڵ بۆ خانەی حەوتەمی ریزبەندی دابەزی.
هەولێر ـ زاخۆ
هەولێر لە نێو یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری میوانداریی زاخۆی كرد، ئەم هەفتەیەش هاندەرانی قەڵاومنارە نائومێد بوون، بەوپێیەی هێشتا لەم وەرزە ئاهەنگی سەركەوتنی یانەكەیان نەبینیوە.
لە نیوەی یەكەمی یارییەكە، دۆس سانتۆس هێرشبەری بەرازیلی یانەی زاخۆ لەنێو ناوچەی سزای هەولێر لێدانێكی پێناڵتی بۆ یانەكەی هەژمار كرد و عومەر بیبۆ لە خولەكی 23 لێدانەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد، یارییەكەش تا كۆتایی بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی زاخۆ كۆتایی هات.
زاخۆ سێیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، لە بەرامبەردا هەولێر لە كۆی 4 یاری، 3 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا یەك خاڵی هەیە لە كۆتایی ریزبەندی خولەكە دێت.
شەقڵاوە ـ دەربەندیخان
شەقلاوە لە كۆی 5 یاریی ئەم وەرزە هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، ئەگەرچی نوێنەرەكەی خۆشناوەتی لەم یارییە بەرامبەر دەربەندیخان لە خولەكی 25 لە رێگەی بەهمەن مەعسوم بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام لە خولەكی 87 فەرحان شكوور ئەنجامەكەی بۆ دەربەندیخان یەكسان كردەوە و یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
دەربەندیخان لە كۆی 5 یاری ئەم وەرزە 2 بردنەوە، 2 دۆڕان و بەرامبەربوونێكی هەیە و بە 7 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت، لە بەرامبەردا شەقڵاوە تەنیا 3 خاڵی هەیە و خانەی یازدەیەمی ریزبەندی گرتووە.