كارەبای دزراو دەگەڕێندرێتەوە
ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ دەستپێدەكاتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ دەستپێدەكاتەوە و سەرپێچیكاران سزا دەدرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ھەڵمەتەكە لە سەرەتادا لە ناوچە پیشەسازییەكان دەستپێدەكاتەوە، كە ھێڵی كارەبایان بەشێوەی زێدەڕۆ راكێشاوە، ھەروەھا ھەڵمەتەكە شوێنە بازرگانییەكان و ئەو ماڵانەش دەگرێتەوە كە ھێڵی كارەبایان لە شوێنە گشتییەكان بەشێوەی زێدەڕۆ راكێشاوە".
گوتیشی: "دەمانەوێت ئەو كارەبایەی دزراوە بیگێڕینەوە، بۆ ئەوەی دۆخی نالەباری كارەبا چاكبكەینەوە و كاتژمێری پێدانی كارەبا زیاد بكرێت، لەو چوارچێوەیەدا لە رۆژانی رابردوودا لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ھەنگاوێكی گرنگ نراون بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا".
قایمقامی ناوەندی ھەولێر راشیگەیاند: "ھاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو ھەڵمەتە لە قازانجی ئەوانە، بۆیە داوا دەكەین ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ راكێشاوە پێش ئەوەی تیمەكان سەردانیان بكەن، خۆیان سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا بكەن، بۆ ئەوەی سزا نەدرێت".
ھەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر گوتی: "لە سەرەتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەرۆمان دەستپێكرد و لە ماوەی مانگێكدا نزیكەی ھەزار و 400 كەس كارەبای زێدەڕۆییان لێبڕدرا و سزای داراییش دران".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەڵمەتەكەی ئەمڕۆ سنووری ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی كارەبای 1 و 2ی ھەولێر دەگرێتەوە، ھەروەھا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەقڵاوە و پیرمام و سۆران و كۆیە كار لەسەر بڕینی زێدەڕۆییەكان دەكرێت".