عەبدولکەریم خەسرۆ: گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە بەردەوامە
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدایە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران.
یەکشەممە، 01-12-2024، عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بە هەڤرێست ڕەجەب، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە لە پەیوەندیدایە."
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون دووپاتی کردەوە "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە و زانیاریی پێویستی لەبارەی لیستی مووچە بە بەرپرسانی بەغدا داوە."
عەبدولکەریم خەسرۆ ڕاشیگەیاند، کۆمەڵێک ڕێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی خشتەی بودجەێ عێراق کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.