داهاتی گومرگی عێراق دەگاتە دوو ترلیۆن دینار
داهاتی گومرگی عێراق 148% بەرز بووەتەوە
حسێن حەموود عگێلی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، داهاتی هەشت مانگی ئەمساڵی گومرگەکانی عێراقی ئاشکرا کرد.
عگێلی، ئاماژە بەوە دەکات، تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ داهاتی گشتیی گومرگی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 328 ملیار دینار.
جەختیش دەکاتەوە "بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو داهاتی گومرگ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هۆی سەرەکیی ئەمەش بریتییە لە بەکارهێنانی سیستمێکی جیهانیی بۆ خەمڵاندن و دەستنیشانکردنی بڕی گومرگی سەر کاڵا هاوردەکراوەکان."
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئەوەش ڕوون دەکاتەوە "پێشتر بەشێک لە کارمەند و فەرمانبەرانی گومرگەکان بە شێوەی جیاواز خەمڵاندنیان کردووە و هەندێک جار بەهۆی بەرتیل و بەرژەوەندیی کەسییەوە بەرژەوەندییە گشتییەکانیان پێشێل کردووە."
بەپێی ئەو داتایانەی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە، ساڵی 2022 داهاتی گومرکی عێراق، 807 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2023 بەڕێژەی 28% زیادی کردووە و بۆ ترلیۆنێک و 33 ملیار بەرز بووەتەوە، ساڵی 2024 تا مانگی ئاب داهاتەکەی گەیشتووەتە ترلیۆنێک و 328 ملیار دینار، پێشبینی دەکرێت قەبارەی ئەو داهاتە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە دوو ترلیۆن دینار، ئەگەر پێشبینییەکە ڕاست دەربچێت ئەوا داهاتی گومرگ لە ماوەی سێ ساڵدا 148% زیادی کردووە.
هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی داهاتی گومرگەکان لەچوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، بەشێوەیەک کە دەیەوێت پشتبەستن بە داهاتی فرۆشتنی نەوت کەم بکاتەوە، بەڵام تا ئیستە نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی بەدی بهێنێت، چونکە تا ئێستە ئاستی پشتبەستنی بە داهاتی نەوت نزیکەی 90% کە ئەوەش ئاستێکی بەرزە و یەکێکە لە دیارترین کێشە ئابووریی و داراییەکانی عێراق.