پەرلەمانتارێک: وەزارەتی نەوتی عێراق پشتیوانیی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکات
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پشتیوانیی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەن تاوەکوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و کێشەکە چارە بکرێت.
یەکشەممە، 01-12-2024، هەردوو لیژنەی دارایی و نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و بەتایبەت ئەو بڕگەیەی باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات، کۆ بوونەوە.
جێگری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئابووریی لە وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی وەزارەتی نەوت؛ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمان خوێندنی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە کرا، ڕەزامەندیی زۆر لەسەر ئەو بڕگەیەی هەموارەکە نەبوو کە باس لە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و بەشێکی پەرلەمانتارانیش سەرنج و تێبینییان لەسەری هەبوو؛ مەبەست لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش چارەکردنی ئەو تێبینییانە بوو. بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکە ئەرێنی و باش بوو."
بریکاری وەزیری نەوتی فیدراڵی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، بە گوتەی د. خەلیل غازی "پشتیوانیی خۆی بۆ هەمواری یاساکە دووپات کردەوە، بە پێویستی زانی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و داوتریش لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت."
وەکوو ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی کرد "وەزارەتی نەوتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، تاکە چارەی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە."
لەلایەکی دیکەوە، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی هەمان لیژنە ئاماژەی بەوە دا "ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکرێتە ڕاپۆرتێک و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت تاوەکوو دواتر خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری بودجە بکرێت و پەسەند بکرێت."
بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 16 دۆلار زیاد دەکرێت؛ بەڵام دواتر کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت دەکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەتی هەیە ئەو بڕە ڕاستەقینەیە دیاری بکات.