سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆزی ئەمەریکا جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەنەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا ئەلینا رۆمانۆوسکی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا ئەلینا رۆمانۆوسکی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا دووپات دەکەنەوە، سەرۆک وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12/1 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زووترین کاتدا،حکومەتێکی نوێی یەکگرتوو و بەهێز پێکبهێنرێت، هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کرایەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی، بۆ بەهێزترکرنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.