هۆشیار زێباری: سبەینێ ڕۆژێکی گرنگە بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، بۆیە سبەینێ ڕۆژێکی زۆر گرنگە بۆ پرۆسەی دیموکراستی لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: سبەینێ ڕۆژێک گرنگ و مێژووییە بۆ پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە و پەرلەمانتاران سوێندنی یاسایی دەخۆن، بۆیە پێویستە ئەم هەلە لە دەست نەدەین و کۆبوونەوەکە بە باشی و بێ کێشە بەڕێوە بچێت.
ئەو ئەندام مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: ناوچەکە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و زۆر کێشە هەن، بەڵام نابێت ببێتە هۆی ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی بەکار بهێندرێت و بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان برخێتە ژێر مەترسییەوە. جەختی لەوە کردەوە، با بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین.
یەکشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و سبەینێ بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە دەبات.