ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە
ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و بەگوێرەی کارنامەکەشی، کۆبوونەوەکە پێش نیوەڕۆ دەست پێ دەکات، ئەویش ئەردەلان محەممەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمان کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەبات. هەروەها دواتریش کاندیدە دەرچووەکان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێن بۆ سوێند خواردن.
هۆڵی دانیشتینی پەرلەمان ئامادەیە، پرۆتۆکۆڵی پەرلەمان بەهەموو شێوەیەک ئامادەی کردووە، بۆ یەکەمین جارە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێش دەست بەکاربوونی کاندیدەکان، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ڕێبەرێکی کاری پەرلەمانی بڵاو کردووەتەوە، بۆ شارەزابوونی ئەندامانی پەرلەمان بەکاری پەرلەمان و کاری یاسادانان. هەروەها لیژنەش پێک هاتووە بۆ پێشوازیی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان.
بەگوێرەی پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمان، لەیەکەم کۆبوونەوەدا بەتەمەنترین سەرۆک دەتوانێت دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکاتەوە.
کارنامەکەی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بڕگە پێک دێت:
یەکەم: کردنەوەی دانیشتنەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز.
دووەم: یەک خولەک بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
سێیەم: بانگهێشتکردنی بە تەمەنترین کاندیدی ئامادەبوو، لە پالێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە؛ بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 11 و بڕگەی یەکەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
چوارەم: سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پاشان دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم دانیشتن بەپێی حوکمی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.