ڕووسیا فەرماندەی هێزەکانی لە سووریا دوور خستەوە

دوای کەوتنی شاری حەلەب و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن چەکدارانی گرووپەکانی نێو ئۆپۆزسیۆن، سوپای ڕووسیا بڕیاری دوورخستنەوەی فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی لە سووریا دەرکرد.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ڕووسی بڵاوی کردووتەوە، دوای پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شاری حەلەب و تێکشکانی هێزەکانی سوپای ڕژێمی سووریا، ڕووسیا بڕیاری دوورخستنەوەی فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی داوە.

هەروەها سوپای ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا لە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆیدا بڵاوی کردووتەوە "سوپای سووریای عەرەبی پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانیی هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیایە بۆ تێکشکاندنی هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان لە پاڕێزگاکانی ئدلب، حەما و حەلەب."

گرووپە چەکدارەکانی تەحریرولشام و چەند گرووپێکی دیکەی چەکداری نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چەند بەرەیەکەوە لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە هێرشیان کردووتە سەر هێزەکانی سوپای سووریا دوای دەست بەسەردا گرتنی ناوەندی پارێزگای حەلەب و چەند شارۆچکە و گوندێکی سنووری پارێزگاکە، ئێستا ڕێگەی سەرەکی و نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشقیان داخستووە.

 حەلەب، دووەم گەورە شاری سووریا و ئێستا لە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە.