لایەنە شیعەکانی عێراق هەزاران چەکدار بۆ سووریا دەنێرن

لایەنە شیعەکانی عیراق هێزێکی شیعەیان کۆ کردەوە و بڕیاریان دا بەپەلە هەزاران چەکدار ڕەوانەى سووریا بکەن، بۆ بەرگریی لە شوێنە ئاینییە شیعەکان لە ناوچەى سەیدە زەینەب لە نزیک دیمەشق.

لای خۆیەوە، سوپای عێراق هەزاران سەربازی ڕەوانەی سنووری عێراق و سووریا لە باکووری وڵات کرد، کە لە شارۆچکەی شنگالەوە تا شارۆچکەی ڕەبیعە درێژ دەبێتەوە و نزیکە لە سنووری سووریا بە ئاراستەی شاری حەلەب .

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیش، عێراق ڕەتی کردەوە، سەرۆکی سووریا داوای پاڵپشتیی سەربازیی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبێت.

جەختیشی کردەوە، دەستووری عێراق بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکات.

لە کاتێکدا هەڵوێستی سیاسی جیاواز لە نێوان هێزە شیعە و سوننەکاندا سەری هەڵداوە، محەممەد حەلبوسی، ئوسامە نوجەیفی، هاوپەیمانیی سوننە و هەندێک لایەنی شیعەی عێراق داوا دەکەن دەستوەردان نەکەن لە پێشهاتە بەردەوامەکانی سووریا.

ئاماژەی بەوەش کراوە، ئەم هێزە نوێیە لە شەودا ڕەوانەکراون بۆ یارمەتیدانی سوپای سووریا لە هێڵی پێشەوەی باکوور.

باسیشی لەوە کرد، هێزەکە پێکهاتووە لە "حزبوڵلای عێراق و میلیشیاکانی فاتمیون".