پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ بایکۆتی فراکسیۆنەکەی شکاند و بەشداریی کۆبوونەوە دەکات
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەریی بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و پابەندی بڕیاری سەرکردایەتیی حزبەکەی نەبوو.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هێرۆ عەتار، کاندیدی دەرچووی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هاتووەتە پەرلەمان، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، 02-12-2024، دەکات و پابەندی بڕیاری حزبەکەی نەبووە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، خاوەنی سێ کاندیدی دەرچووە، بەڵام پێشتر سەرکردایەتیی حزبەکە بڕیاری دابوو، کاندیدە دەرچووەکانیان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و بەشداریی نەکەن.
کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بڕگە پێک دێت:
یەکەم: کردنەوەی کۆبوونەوەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز.
دووەم: یەک خولەک بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
سێیەم: بانگهێشتکردنی بە تەمەنترین کاندیدی ئامادەبوو، لە پالێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکە؛ بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 11 و بڕگەی یەکەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
چوارەم: سەرۆکی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەم، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پاشان کۆبوونەوەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم کۆبوونەوە، بەپێی حوکمی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، 19 کونسوڵ و دیپلۆماتکارانی وڵاتان، میوانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دەبن کە ئەمانەن:
1. مەحموود فارووق (کونسوڵی میسر) .
2. عەباس ئەسکەندەر عەلی ئەسغەر (ئێران) .
3. میکیهیرۆ ئاراکاوا (ژاپۆن) .
4. نیکۆلاس ستێرجیۆلاس (یۆنان) .
5. میچال ڤۆنیاکی (پۆڵەندا) .
6. چێن گوۆجینگ لیو جون (چین) .
7. ئان مەیسۆن، ڤاگەر ئەمین، هۆزان حەسەن (ئەمەریکا) .
8. ئەندرۆ بیزلی، سالار ئەمین، تۆم هیپس (بەریتانیا) .
9. زانا حەسەن، میر بایرامۆئۆغڵو، ئێرمان تۆپچو (تورکیا) .
10. فوئاد خزر ئەلمەجەلی (ئوردن) .
11. حوسێن بن عەلی ساڵح (قەتەر) .
12. نازمی هەزووری (فەڵەستین) .
13. سیونگچێۆل لیم (کۆریای باشوور) .
14. دۆمینیکا کۆڤێدی کۆڤاکس (هەنگاریا) .
15. ڤاسیلی ڤاڤیلین، ئەلێکساندەر لانکێڤیچ (ڕووسیا) .
16. دانیال درێشەر (ئەڵمانیا) .
17. عوسمان ئەلداوود (کوێت) .
18. مونیارادزی مۆتسی، فرانسیسک ڕیڤێلتۆ-لانا (نەتەوە یەکگرتووەکان) .
19. ئەندرانیک هاروتیونیان (ئەرمینیا).