شاندی باڵای ئەزهەر: پێکەوە ژیانی ئاینیی و نەتەوەکان لە کوردستان، نموونەیەکی سەرکەوتووی ناوچەکەیە

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، دووشەممە 2-11-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێکی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد، کە پێکهاتبوون لە دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر و دکتۆر سەلامە داوود، سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر و وائل بەخیت، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی جیهانیی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەر و ئەحمەد فەوزی، بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر.

لەو دیدارەدا، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ئارامیی و سەقامگیری و بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستیان کرد و بە بایەخەوە باسیان لە تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد، وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی میسر، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشیی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر.

مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕەویی و پێویستیی هەماهەنگیی هەموو لایەک بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها دوایین گۆڕانکاریی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.