باڵیۆزی ئیتاڵیا : هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پیادەکردنی دیموکراسییە

باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق بەڵێنی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

 بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، دووشەممە 2-12-2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، میشێل کامێرۆتا کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە عێراق و سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان دا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ فراوانترکردن و بەرەوپێش بردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا.

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بەڕێوچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاوی بەشداریی خەڵک و لە کەشێکی ئارامدا،  وەک سەرکەوتنێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی دیموکراسی لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەرکی نوێیدا لە باڵیۆزی ئیتاڵیا کرد، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و مێژوویی وەسف کرد.

هەر لەو دیدارەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهات و گۆڕانەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تاوتوێ کران.

شایانی باسە، هەر لەو دیدارەدا میشێل کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، کە کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەولێر هاتووە، وێڕای سوپاس و پیزانینی بۆ خەڵکی کوردستان ماڵئاوایی لە سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆک بارزانیش سوپاسی ئەرک و هەوڵەکانی کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیای کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.

 

دیداری سەرۆک بارزانی و نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق