وێستگەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بەشێکی زۆری چاودێران پێیان وابوو، ئەستەمە لەو بارودۆخە ناهەموارەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێ دەپەڕێت، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت؛ بەڵام دواجار هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کرا و زیاتر لە سەدا 70ـی هاووڵاتییان بەشدارییان تێیدا کرد.
لەم ڕاپۆرتەدا، بە شێوەیەکی کورت ئاوڕێک لە وێستگەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەدەینەوە.
دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
دوای چەندان جار دواخران، دواجار ڕۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، 20-10-2024ـی، وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و داواشی لە لایەنەکان کرد هاوکاریی و هەماهەنگى لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد، ماوەی 20 ڕۆژی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشە دیاری کردبوو کە لە 25ی ئەیلوول تاوەکوو 15ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام بوو.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕێژەی بەشداریی
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.
ئەنجامی بەرایی و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی 21-10-2024، ئەنجامی بەرایی و ڕۆژی 30-10-2024ـیش ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند.
کردنەوەی دەرگای تانەدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پێنجشەممە، 31-10-2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران،کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.
18-11-2024، دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم تانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە کە ژمارەیان 44 تانە بوو.
پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
یەکشەممە، 24-11-2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 812,537 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 409548 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 292032 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 117564 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 56008 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64874 دەنگ
بەرەی گەل: 33466 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11641 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929 دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ
دیاریکردنی وادەی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
سێشەممە، 26-11-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ ڕۆژی دووشەممە، 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت."
بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.
97 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەکەدا کرد و هەموویان سوێندی یاساییان خوارد.
دەرکردنی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەریی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "بەهۆی بەشداریی هێرۆ عەتار، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکەدا، بڕیارمان دا بە دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەر کاندیدێکی دەرچوویان، ئەگەر پابەندی بڕیاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبێت، لە ڕیزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت."