مونا قەهوەچی: داوای زیاتر لە وەزارەتێک دەکەین

مونا قەهوەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: "ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان پشتیوانیی لە کوردستانێکی بەهێز دەکەین و داوای زیاتر لە وەزارتێکیش لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."  

مونا قەهوەچی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی گەورە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم و پشتیوانیش لە کوردستانێکی بەهێز دەکەین."

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "هیوادارین سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستانییەکان ڕێک بکەون تاوەکوو بەزووترین کات کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت."

مونا گوتیشی: "ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان بۆ هەموو لایەنێکی ڕوون دەکەینەوە، بۆیە خۆم بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید نەکردووە، ویستمان ئەمجارە دەرفەت بە پێکهاتەی مەسیحی بدەین، بۆ ئەوەی یەکێک لە پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی بەدەست بهێنن."

ڕاشیگەیاند "ئێمە وەکوو پێکهاتەی تورکمان، داوای زیاتر لە وەزارەتێک دەکەین لە کابینەی نوێی حکوومەت، هەروەها نوێنەریشمان لە هەموو دام دەزگاکانی حکوومەت دەبێت."

دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.

97 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەکەدا کرد و هەموویان سوێندی یاساییان خوارد.