دیندار زێباری: لە ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، کۆنفرانسێک ساز دەکەین

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، بڕیار وایە سبەینێ سێشەممە، 03-12-2024، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت ساز بکات. 

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کۆنفرانسەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێوخۆیى، نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها ڕۆڵی حکوومەت لە پێشخستن و پەرەپێدانی پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ."

بە گوتەی زێباری "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بایەخی داوە بە مافەکانی هاووڵاتییان و ئازادییەکانی بە گشتی، پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی بایەخدانە بەم مەلەفە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاراستەی هەرێم کراون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق، بە مەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، لەم کۆنفرانسەدا بە داتا و ژمارە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە پێشکەش دەکرێن."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها باسی لەوە کرد: "کۆنفرانسەکە، مینبەرێکە بۆ تێڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون بەپێی پابەندبوونمان بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانیی باش و تیشک خستنە سەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدی دادپەروەری و یەکسانی، و دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەرسێ دەسەڵات یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پڕۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان."

دەربارەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدراڵی، بەشدار دەبن. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،  یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەبن بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێشهاتە سەرەکییەکان، ئالنگارییەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو لەم بوارەدا."