گۆتێرێس داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی ململانێ چه‌كدارییه‌كانی سووریا ده‌كات
سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆی له به‌رانبه‌ر ئاڵۆزی، ململانێ و شه‌ڕه نوێیه‌كه‌ی ناوخۆی سووریا ده‌رده‌بڕێت و داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی ده‌كات.
دووشه‌ممه، 2ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، ستافان دۆگاریك، گوته‌بێژی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، گۆتێرێس له به‌رانبه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه مه‌یدانییه‌كانی سووریا به‌تایبه‌تی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ له باكووری ئه‌و وڵاته نیگه‌رانه و داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی ده‌كات.
دۆگاریك له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا داوای له سه‌رجه‌م لایه‌نه پێكناكۆكه‌كانی سووریا كردووه، هه‌ر چی له توانایاندایه بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی مرۆیی به‌تایبه‌ت له كاتی هه‌ڵاتن و به‌جێهێشتنی شوێن و ناوچه‌كانیان، هه‌وڵی ڕژدی بۆ بده‌ن.
له‌وه‌ته‌ی 27ـی تشرینی دووه‌می 2024ـوه، ململانێ چه‌كدارییه‌كان له سووریا به‌تایبه‌تی له حه‌له‌ب و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی باكووری ئه‌و وڵاته له نێوان گرووپه چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریا له‌ژێر چه‌تری "ته‌حریر شام" و سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و به گوێره‌ی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ تا ئێسته له ئه‌نجامدا 514 كه‌س كوژراون، كه 268ـیان چه‌كداری ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و گرووپه چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانین، 154ـیان سه‌ربازانی سوپای سووریا و گرووپه میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانین و 92ـی دیكه‌یشیان سڤیلن.