ترەمپ: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دۆزەخ

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا هۆشداریی دەدات لەوەی، تا بەر لە 20ـی مانگی داهاتوو بارمتەکان لە غەززە ئازاد نەکرێن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دۆزەخ.

دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "ئەگەر بارمتەکان لە غەززە تا بەر لە 20ـی مانگی داهاتوو ڕزگار نەکرێن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دۆزەخ." دەشڵێت: "بەرپرسانی ئەو تاوانانە  بەشێوەیەکی زۆر توندتر لێیان دەدرێت، لێدانێک لە مێژووی  کۆن و نوێی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  نەبووە."

ڕۆژی 05-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە چوو و دۆناڵد ترەمپ توانی بەسەر کامالا هاریسی ڕکابەریدا سەربکەوێت، زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بهێنێت و دووبارە ببێتەوە سەرۆکی ئەو وڵاتە. 

بڕیارە، 20-01-2025، دۆناڵد ترەمپ، لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەست بە کار ببێت.