پارێزگاری سلێمانی: باوەڕمان بە زیادكردنی ژمارەی نەخۆشخانەكان نییە
"نەخۆشخانەكان تەنھا بۆ ئەوانە بەكاردەھێندرێن كە تەندروستیان ناجێگیرە"
K24 - سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئێستا نەخۆشخانەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنھا بۆ ئەو كەسانە بەكاردەھێندرێن كە باری تەندروستیان ناجێگیرە. ئاماژەش بەوەدەكات ئەمڕۆ بەرنامەی سێیەمی خۆپارێزی رادەگەیەنن.
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە بەرنامەی سێیەمی خۆپارێزی دەستپێدەكات لەژێرناوی خۆپاراستن و سزای كۆمەڵایەتی بۆ تەندروستی گشتی، پێویستە ئەو كەسانەی رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن ئەگەر دوكاندارە ھاووڵاتییان شتومەكی لێ نەكڕن، ئەگەر ھاووڵاتییە دوكاندار شتی پێ نەفرۆشن و سەرزەنشت بكرێن، دەمانەوێت پێكەوە كار لەسەر یاساكان و ویژدانی ھاووڵاتییان بكەین، بۆ ئەوەی پێكەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنین".
لەبارەی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و كەمی نەخۆشخانە تایبەتەكانی كۆرۆنا پارێزگاری سلێمانی گوتی: "ئێمە باوەڕمان بە زیادكردنی نەخۆشخانەكان نییە، بەڵكو باوەڕمان بە كەمكردنەوەی ژمارەی ھەڵگرانی ڤایرۆسەكە و ئاساییكردنەوەی دۆخەكە ھەیە، ئەگەر نەخۆشخانەكانیش زیاد بكەین پێداویستییەكان كەمن لە وڵاتانی دیكەش دۆخەكە وایە، ئەگەر خەڵكێكی زۆر تووشبن فریایان ناكەون".
ئاشكراشی كرد: "ئێستا نەخۆشخانەكان تەنھا بۆ ئەو كەسانە بەكاردەھێندرێن كە باری تەندروستییان ناجێگیرە، ئەوانەی كە نیشانەی ڤایرۆسەكەیان ھەیە كەرەنتینە بۆ ئەوانە بەكاردەھێندرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: "دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی وەكخۆی جێبەجێ دەكرێن و چاو لە ھیچ كەس و دامودەزگایەك ناپۆشین، ئەوانەی رێنماییەكان جێبەجێ نەكەن سزا دەدرێن".
ھ.م