ماتیۆ میلەر: ئەمەریکاییەکان لە شەڕی بەردەوام و درێژخایەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێزار بوونە

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە، وڵاتەکەی هێزی زیاتر لە سووریا بڵاو بکاتەوە و دەڵێی: "ئەو شەڕەی ئەمەریکا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەیکات، بەرانبەر بە تەحریرولشام نایکات."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی نێردراوی کوردستان24 سەبارەت بە بارەی دۆخی شڵەژاوی سووریا و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سوپای ڕژێمی سووریا و هەسەدە و کۆنترۆڵکردنی حەلەب ڕایگەیاند "ئەمەریکا پابەندە تێکشکاندنی داعش و ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە، بەڵام هێزی زیاتر لە ناوچەکە بڵاو ناکاتەوە و شەڕی چەکدارانی تەحریرولشام ناکات."

میلەر گوتیشی: "لە ڕاستیدا ئەمەریکاییەکان لە شەڕی بەردەوام و درێژخایەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێزار بوون؛ ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا، جیا لەمەش، ئیدارەی بایدن کە لە هەفتەکانی کۆتاییدایە، ئامادە نییە سەربازانی ئەمەریکا پەلکێشی شەڕێکی فراوان بکات لە ناوچەکە."

هەروەها دڵنیایی دا "ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پابەندی ئەو هاوپەیمانێتییە دەبێت کە بۆ سووریا و عێراق کراوە، چونکە مەبەستییەتی ڕێکخراوی داعش گەشە نەکاتەوە و هەڕەشەیەکی تیرۆریستی سەرهەڵنەداتەوە."