پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە لە ساڵیادی بۆمببارانی زێوە

سەرۆک بارزانی: دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ رێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ

 K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕینی 35 ساڵ بەسەر کارەساتی زێوە، دەڵێ "دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ رێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ".

ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر بوردوومانی ئۆردوگای زێوە تێدەپەڕێت، کە لەو رۆژەدا رژێمی بەعسی عێراق بە هەشت فڕۆكەی سیخۆ ئۆردۆگا و پەنابەرانی زێوەی بەشێوەیەکی دڕندانە بوردوومان كرد.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: "هەركەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی رژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت".

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر بوردومانی (ئۆردوگای زێوە) تێدەپەڕێت. لە 9ـی حوزەیرانی 1985ـدا ڕژێمی بەعسی عێراق بە هەشت فڕۆكەی سیخۆ بە شێوەیەكی دڕندانە ئۆردۆگا و پەنابەرانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵی بێ تاوانی شەهید كرد.

كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت. ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان نەوەستا و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجام دا. هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت.

لە هەمانكاتیشدا، خۆڕاگری و قارەمانێتیی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینا و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ و سەرشۆڕ و تێكشكاو دەمێنێتەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی سەربەرزی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سڵاو بۆ گیانفیدایی و ئازایەتیی گەلی كوردستان.

مسعود بارزانی

9ـی 6ـی 2020