پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: ئەمەریکا نایەوێت لە شەڕی ناوخۆی سووریا تێوەبگلێت
پێنتاگۆن لەبارەی سووریا وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و دەڵێت: هێزەکانی ئەمەریکا بۆ تێکشکاندنی داعش لە وڵاتەکەن و هەروەها ئەمەریکا نایەوێت لە شەڕی ناوخۆی سووریا تێوەبگلێت.
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـدا ڕایگەیاند: دەستەی تەحریری شام گرووپێکی تیرۆرستییە، هەروەها ئەمەریکا بۆ ئەرکی تێکشکاندنی داعش لە سووریایە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن، دەڵێت: ئەمەریکا پەیوەندیی بە شەڕی ناوخۆی سووریاوە نییە و نایەوێت تێیدا تێوەبگلێت.
دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، لەبارەی بارودۆخی سووریا و گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە نابێت وڵاتان بە بێ بەرانبەر پەیوەندییان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ئاسایی بكەنەوە.
ماتیۆ میلەر، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ئاسایی دەكەنەوە و ئەمەش قبووڵكراو نییە.