قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی دانوستانكاری لەگەڵ بەغدا كرد
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامادەكارییەكان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی لەگەڵ حكومەتی عێراقی، كۆبووە
K24 - ھەولێر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ 9 حوزەیرانی 2020 سەرپەرشتی كۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ حكومەتی عێراق و دوا قۆناغی ئامادەكارییەكان بۆ گفتوگۆكردن خرانە بەرباس.
لە كۆبوونەوەكەدا كار و راپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكانی شاندی حكومەتی هەرێم خرانە بەرباس بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.
شاندی حكومەتی ھەرێم لەكۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە كە ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا و رێككەوتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەكان.
پێشتر شاندی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی مانگی نیسان و سەرەتای ئایاری 2020، دووجار سەردانی بەغدایان كردووە، لەو سەردانانەش زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای گفتوگۆی عێراق ئەنجامدران. لە گفتوگۆكانیشدا بناغەیەك بۆ بەرێوەچوونی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا دانران كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو دەست پێبكەنەوە.
