ڕۆیتەرز: بەشێک لە ئاوارە لوبنانییەکانی عێراق، ناگەرێنەوە وڵاتەکەیان
ڕووداوەکانی سووریا کاریگەری نەرێنی لەسەر گەڕانەوەی لوبنانییەکان لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەیان بە ڕێگای وشکانی لە ڕێگەی سووریاوە هەبوو، بەو پێیەی ئەو لوبنانیانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەبوو لە فڕۆکەخانەکانی عێراق چاوەڕوانی گەشتە ئاسمانییەکانیان دەکرد لەبری ئەوەی ڕێگای وشکانی بگرنەبەر. هاوکات بەگوێرەی زانیاریەکان زۆرێک لە لوبنانییەکان پێیان باشتر بووە لە عێراق بمێننەوە و نیشتەجێ ببن و نەگەڕێنەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، لانیکەم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، هەر ڕۆژێک هەزار لوبنانی بە سنوورەکانی سووریا دەگەڕانەوە لوبنان، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا، زۆرێک لە لوبنانییەکان لە ترسی سەلامەتی خۆیان بە ڕێگەی وشکانی ناچنەوە، بۆیە لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانییەوە گەشت دەکەن.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو لوبنانییەکانی عێراق نایانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە دەڵێن ماڵەکانیان بەهۆی شەڕەوە وێران بووە و هاوکات زیانیش بە تۆڕەکانی ئاو و کارەبا گەیشتووە و دڵنیاش نین کە کاتێک ئاگربەستی 60 ڕۆژە کۆتایی دێت چی ڕوودەدات.
ڕەبیعە عەلی، دایکی چوار منداڵە و خەڵکی باشووری لوبنان و لە شوقەیەکی کرێ لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەژی و بە ڕۆیتەرزی گوت:"ماڵم نەماوە، هەموو شتێک وێران بووە، ئەگەر بگەڕێینەوە، لە کوێ بخەوین، لە شەقام؟ ئەگەر بچینەوە لوبنان داهاتووی منداڵەکانمان چی؟ نە خوێندن هەیە نە ماڵ".
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کاروباری پەنابەران، ژمارەی ئەو لوبنانیانەی ئاوارەی عێراق بوونە زیاتر لە 38 هەزار کەسە، هەروەها هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لەسەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە لوبنان، دوا ژمارەی ڕاگەیەندراویش ئەو تۆمارکردنی تەنها ٤ هەزار کەسی گەڕاوە.