سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیژنەی نەوت و گاز لەبارەی هەمواری بودجە کۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای سۆمۆ
کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای سۆمۆ

لیژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمواری بودجە لەگەڵ سەرۆک وەزیران سوودانی کۆ دەبێتەوە. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-12-2024، کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت دەستی پێ کرد. 

کۆبوونەوەکە لە سێ تەوەر پێک دێت، گرنگرتینیان تاوتوێکردنی پرسی کەمی بڕی گازە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق. 

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەکە بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کۆ دەبنەوە. وەکوو خۆی گوتی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق بە میوانداریی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کۆ ببێتەوە و گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک بکات.

بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بە میوانداری سوودانی دەست پێ دەکات و لە بڕگەی دووەم ماددەی 36ـی پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەخرێتە دەنگدان.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە دەنگدان لەسەر هەمواری یەکەمی ماددەی پێنجەمی یاسای پاسەپۆرت ژمارەی 32ـی ساڵی 2015.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لە بڕگەی چوارەم کە تایبەتە بە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یەکەمی پرۆژە یاسای ژمارەی 13ی ساڵی 2023ـی تایبەت بە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 – 2024 – 2025 دەکرێت، کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشکەش کراوە.

دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی دووەمە بۆ پێنجەمین هەمواری پرۆژە یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی بە ژمارە 14ـی ساڵی 1974 کە لەلایەن لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان ئامادە کراوە.