مەلا بەختیار: سوورین لەسەر سازدانی 27ـیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەکۆتایی ساڵی ئاییندە
مەلا بەختیار، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی توند لەو کەسانە دەگرێت کە فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساز دەکەن.
چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "ڕووناکبیران و ڕێبوارانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەداخەوە ، ھێشتا ماتەمینی ھاوڕێ و کۆڵەکەی سەرەکی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەری نەداوین، ھێشتا کفنەکەی سامی ھادی زەرد نەبووە، دوور لە ئیرادەو پەرۆشیمان بۆ ئەدەب و داھێنانی کوردستان و عێراق و جیھان، لەسەر داخوازیی دەیان تەلەفۆنی نوسەرانی عەرەب و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردستانی عێراق، کە پەیتا پەیتا پەیوەندیم پێوە دەکەن، ھەموویان ئامادە نین جگە فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ ببنە بەشێک لە سیناریۆیەکی تر بەناوی گەلاوێژەوە، ئەم ڕونکردنەوەیە دەنوسم."
مەلا بەختیار باس لەوەش دەکات "دوورو نزیک بەندە وەکو سەرپەرشتی گشتیی فێستیڤاڵ، ھەتا بڕیاردان بۆ سازدانی 27ـمین فێستیڤاڵ، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت دوور لە گەوھەرە مێژوییەکەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیڤاڵ ساز بدەن. ئەمانیش، وەکو یەک تیم، بەبێ بچوکترین تێبینی لە دوا کۆبونەوە لەگەڵماندا، بڕیارمان دا و بانگەوازی سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵمان بڵاو کردووە؛ بەڵام دوای داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، دۆخەکە سەراپا گۆڕا، جەخت دەکەمەوە کە ئێمە سوورین لەسەر سازدانی فێستیڤاڵەکە لەکۆتایی ساڵی ئاییندە. لەھەمان کاتدا دوور و نزیک ئەوانەی دەیانەوێت بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە فیستیڤاڵ ساز بدەن، ئەستۆیان دەخەنە بەردەم ئۆباڵێکی مێژوویی، کە دوورە لە نەریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دوورخستنەوەی فێستیڤاڵ لەھەژمونی حزبایەتی."
لە کۆتاییدا مەلابەختیار ڕوودەکاتە نووسەرەکان و دەڵێت: "ئەو نووسەر و بەھرەمەند و دڵسۆزانەی دەیانەوێت لەگەڵ فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ بمێنەوە، ئێمە بەدڵێکی فراوانەوە لە کۆتای ساڵی ئاییندە چاوەڕوانیانین. دڵنیاشین ھەوڵی تر دوورە لە ڕۆحی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵ. دوورە لە متمانەو ڕێزو سەربەخۆی قەڵەم و ئەقڵ و داھێانان."