115 هەزار هاووڵاتیی لە سووریا ئاوارە بوون
جێگری سەرۆکی هەماهەنگیی هەرێمیی بۆ کاروباری مرۆیی پێویست بۆ سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، لەو کاتەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا دەستی پێ کردووە، 115 هەزار هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەبی سووریاوە ئاوارە بوونە.
چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2024، دەیڤد کاردن، سەرۆکی هەماهەنگیی هەرێمیی بۆ کارووباری مرۆیی پێویست بۆ سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد "تاکوو ئێستا 115 هەزار هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەبی سووریاوە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە بوون،
ڕوانگەی سووریش بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی باکووری سووریا بەرزبووەتەوە بۆ 704 لە کاتێکدا دوێنێ ژمارەی کوژراوان 602 کەس بوون.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: "ژمارەی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوپای سووریا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەرزبووەتەوە بۆ 704 کەس کە دوێنێ 602 کەس بوون، بەمەش تەنها ئەمڕۆ 102 کەس لە شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون." ڕوانگەکە ئاشکرای دەکات "لەنێو کۆی ژمارەی کوژراوان 110 هاووڵاتی سڤیل هەن، لەگەڵ 361 چەکداری ئۆپۆزسیۆن و 233 سەربازی سوپای سووریا."
سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "ژمارەی کوژراوانی باکووری سووریا گەیشتووەتە 602 کەس کە لەنێوانیاندا 104 هاووڵاتیی سڤیل هەن."
ڕوانگەکە گوتیشی: "بەپێی ئەو تۆڕە فراوانەی لە سەرچاوەکانی سەرتاسەری سووریا هەیانە، ژمارەی کوژراوانلە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە 27ـی تشرینی دووەمەوە گەیشتووەتە 602 کەس. کە 299 کوژراو لەو ژمارەیە لە بەرەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانیەتی، 199 کوژراوی دیکەش لە هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمن، لەگەڵ 104 هاووڵاتی سڤیل."
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریاش، ئەمڕۆ بە مەرسوومێکی کۆماری، مووچەی سەربازانی سوپاکەی سەدا 50 زیاد کرد، لە کاتێکدا سوپاکە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند دایە لەگەڵ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.