سوپای سووریا: بەردەوامین لەبەرگریکردن لە حەما
ڕوانگەی سووری ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەڕ لە چیای زەینولعابیدین لە حەما ڕووی داوە و سوپای سووریا توانیوویەتی تاوەکوو ئێستا تێیدا سەرکەوتوو بێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە "سوپای سووریا بۆسەیەکی بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە داناوە کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چیای زەینولعابیدین دەدەن لە شاری حەما."
ڕوانگە ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەم کاتژمێرە نازانین ئەنجامی شەڕەکەی ناوچەی حەما چۆن دەبێت."
ئاژانسی هەواڵی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندبوو "فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا و ڕووسیا و هێزەکانی تۆپخانە و مووشەک، لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە هێرشەکانیان بۆ سەر شوێنەکانی گرووپە چەکدارەکان لە لادێکانی حەما چڕ کردووەتەوە و دەیان کەسیان کوشتووە و ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییەکانیان تێکشکاندووە."
ئەو سەرچاوەیە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ ڕاستییەک لەو هەواڵانەدا نییە کە لە لایەن پەیجە تیرۆریستییەکان و هەندێک کەناڵەوە باس لە هاتنی تیرۆریستان بۆ ناو شاری حەما دەکەن لە هەر ئاراستەیەکەوە بێت."
ڕوونیشی کردەوە "هێزە چەکدارەکانمان لە شوێنەکان بڵاو کراونەتەوە، لە نزیک و دووری شاری حەما بە هەموو ئاراستەکان جێگیرن، و بەتەواوی ئامادەکارییان بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری کردووە."
گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هەفتەی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب کە دووەم گەورەترین شاری سووریایە، لەماوەی چەند ڕۆژێک بەتەواوی کۆنترۆڵیان کرد، کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریا و گرووپە چەکدارەکان نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.