تەرمی ئافرەتێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین

ڕاپەڕین
ڕاپەڕین

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، تەرمی ئافرەتێکی 71 ساڵە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی ڕاپەڕین کە شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەکەی هەبووە.

پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتێك  بەناوی(پـ، أ، ح) ) لە دایکبووی ساڵی 1953 دانیشتووی گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە، گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کە شوێنەواری ئەشکەنجەی بە جەستەیەوە دیارە.

بەووتەی خزم و کەسانی، ئافرەتی ناوبراو لە لایەن هاوسەرەکەی بەناوی (أ. م، ح) لە دایکبووی 1971  ئەشکەنجەدراوەو بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە. 

تەرمی ئافرەتەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەری ڕانیە، ڕادەستی خزم و کەسانی ڪرایەوە،پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگیرکردنی تۆمەتبار بە پێی مادەی 406 لە یاسایی سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان، هاوسەری ئەو ئافرەتە کوژراوە، نزیکەی چوار پێشینەی دیکەی لە پۆلیس هەیە دەربارەی ئەشکەنجەدانی خێزانەکەی.