ڕێکخراوی OECD: نرخی خۆراک و وزە و کاڵاکان لە ساڵی 2024 دابەزیوە

ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)
ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)

لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە لە ململانێیەکی سەختدان، ڕێکخراوە جیهانییەکان دواین پێشبینییەکانیان سەبارەت بە گەشەی ئابووریی جیهان ئاشکرا دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوو بە 3.3% گەشە بکات. ماتیاس کۆرمان، سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری ڕایدەگەیەنێت: ململانێکان و بەرزی قەرزی گشتی و لاوازی گەشەی مامناوەند کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان دروست دەکەن.

لە نێو هەڵچوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، دامەزراوە جیهانییەکان پێشبینیەکانیان بە ئاماژەدان بە گرژییەکان ئاشکرا دەکەن، ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) پێشبینی دەکات ئابووریی جیهان لە ساڵی 2025 بە 3.3% گەشە بکات و بەهەمان ڕەوت بچێتە نێو ساڵی 2026.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی رێکخراوەکە بۆ مانگی دیسێمبەر، پێشبینی دەکرێت ئابووری وڵاتانی نێو رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری بۆ هەردوو ساڵی 2025 و 2026 گەشەیەکی مامناوەند بە 1.9% بەخۆیەوە ببینێت، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئابوورییەکانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە بەردەوام بن لە گەشە، بە جۆرێک ئابووری وڵاتانی تازە پێگەیشتووی ئاسیا بەشدارییەکی سەرەکی بن لە گەشەی ئابووریی جیهان.

لە کاتێکدا چاوەروان دەکرێت ئابوورییەکانی دەرەوەی رێکخراوەکە بەردەوام بن لە گەشە، بە جۆرێک ئابووری وڵاتانی تازە پێگەیشتووی ئاسیا بەشدارییەکی سەرەکی بن لە گەشەی ئابووریی جیهان.

سەبارەت بە ڕێژەی هەڵاوسان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە درێژایی ساڵی 2024 ڕێژەی هەڵاوسان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لە دەرئەنجامی دابەزینی نرخی خۆراک، وزە و کاڵاکان بووە. پێشبینی دەکات بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی دراوی توند رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری لە ساڵی داهاتوو لە 5.4% بۆ 3.8% دابەزێت و لە ساڵی 2026شدا بۆ 3.0% پاشەکشە بکات.

ماتیاس کۆرمان، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری ڕایدەگەیەنێت: ئابووریی جیهان خۆڕاگری نیشان دەدات، هەڵاوسان بەرەو ئامانجی بانکە ناوەندییەکان دەچێت و گەشەکردن بە جێگیری دەمێنێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئابووریی جیهان دەدات، بە تایبەت بە هۆی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و، بەرزی قەرزی گشتی و لاوازی گەشەی مامناوەند.

بە گشتیی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری ئاماژە بە نادڵنیایی بەردەوام دەکات، بە تایبەت بەهۆی مەترسییەکانی پەرەسەندنی ململانێکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر بازاڕەکانی وزە، بەرزبوونەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکان دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر بازرگانیی جیهان، بەڵام  لە هەمان کاتدا ڕایدەگەیەنێت، هێشتا بوار لە بەردەم گەشەی ئابووریی جیهاندا هەیە، ئەگەر متمانەی بەکاربەران بە بەهێزی بمێنێتەوە و ململانێکان چارە بکرێن  دەتوانێت گەشەی ئابووری بە بەهێزی بهێڵێتەوە و نرخی وزەش دابەزێنێت.