بەڕێوەبەری پێشووی جەزیرە: ڕژێمی ئەسەد زۆر حوکمی کرد، دەبوو زووتر بڕووخێت
یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، یاسر هیلال، بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی جەزیرە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گومانی تێدا نییە لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوو هەڵبەز و دابەزی زۆر ڕووی دا، ئەو کاتەی سەردانی سووریام کرد بە بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری کارم دەکرد، من ئەو کاتە پێم وابوو سیستەمی بەشار ئەسەد نزیکە لە ڕووخان.
بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی جەزیرە دەڵێت: "لە ساڵانی ڕابردووش سووریا بە کۆمەڵێک دۆخدا تێپەڕی کە نزیک بوو بەشار ئەسەد تێیدا بکەوێت، بەڵام بەم دواییانە گەیشتینە ئەنجامێک کە سیستەمی نیودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد دەکەن و ڕێگری دەکەن لەوەی بڕووخێت."
دەشڵێت: "سووریا کە وڵاتێکی زۆر گرنگە هەر گۆڕانێک ڕوو دەدات، پێویستی بە ڕەزامەندیی هەرێمایەتییە، من پێش شەش مانگ تویتێکم کرد و گوتم: جۆلانی، حەوتی ئۆکتۆبەر لە سووریا دووبارە دەکاتەوە و بەنیازی سوپرایزە بۆ سوورییەکان، تاکو گۆڕانی گەورە دروست بکات."
یاسر هیلال ڕاشیگەیاند "پێم وابوو کە جۆلانی دەیەوێت هێزێکی زۆر دروست دەکات، ئەوەی کە ڕووی دا پێش شەش مانگ هەستی پێ دەکرا و قسەی لەبارەیەوە دەکرا، ڕژێمی سووریا حوکمێکی زۆری کرد دەبوو زووتر بڕووخایە، بەڵام کە نەڕووخا، بە هۆکاری نێودەوڵەتییەوە بوو."