تورکیا گوندەکانی حەسەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد

هێزەکانی تورکیا بە تۆپی قورس گوندەکانی حەسەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد، ماڵی دانیشتووانی گوندەکان بەرکەوتوون. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8-12-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "هێزەکانی تورکیا بە  تۆپی قورس تۆپبارانی ناوچەی ئەبوڕاسین، لە باکووری ڕۆژئاوای حەسەکە کرد، ئاماژەی بەوەش دا،  هێزەکانی تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ماڵە مەدەنییەکانیان تۆپباران کردووە، ئەمەش بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتووان؛ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، تورکیا بە نیازە دەسەڵاتەکانی  لەو ناوچانە فراوانتر بکات".

ڕۆژی 4ـ12-2024، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی تورکیا شوێنێکی نزیک لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی لە ئەلمالیکیە "دێریک" لە لادێکانی حەسەکە بۆمباران کرد، لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی کوژران کە یەکێکیان کرێکاری ئۆتۆمبێلشۆردن بووە، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، یەکێکیش کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، ڕزگاری بوو.