سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد بۆ کۆبوونەوە
یەکشەممە، 08-12-2024، د. جەگەر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ڕۆژی سێشەممە، 10-12-2024، کاتژمێر (11:00)ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.
97 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەکەدا کرد و هەموویان سوێندی یاساییان خوارد.