ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان: ئاگاداری بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان نین
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامانی پەرلەمانی بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کردووە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت: "ئاگاداری بانگێشتنامەکە نین."
محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان، داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ڕۆژی سێشەممە، 10-12-2024، کاتژمێر (11:00)ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
لەلایەکی دیکەوە سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە و دیوانی پەرلەمانیش ئاگاداری بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان نین، بانگهێشکردن و دانانی کارنامە، پەیڕەو و ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە."
سامان ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا "تەنها ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بۆی هەیە بانگهێشتنامە ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بکات و کارنامەی کۆبوونەوە بڵاو بکاتەوە."